فه يسبووك

ناونیشانی ئەنجومەنی دادوەری

الاربعاء كانون الثاني 1 2022 - 08:24
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری سه‌ردانی به‌شی پۆلیسی گرتن و گواستنه‌وه‌ی هه‌ولێری كرد


10/11/2021
155 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌


 

ئه‌مڕۆ به‌ڕێز دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌شی پۆلیسی گرتن و گواستنه‌وه‌ی هه‌ولێری كرد.

دوای پێشوازیكردنی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی پۆلیسی گرتن و گواستنه‌وه‌و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی به‌شه‌كه‌ له‌ دانیشتنێكدا باس و گفتوگۆ له‌سه‌ر بارودۆخی به‌شه‌كه‌ و ره‌وشی راگیراوان كرا. له‌ دانیشتنه‌كه‌دا ئه‌ندامانی داواكاری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی پۆلیسی گرتن و گواستنه‌وه‌ وێڕای خۆشحاڵی خۆیان به‌ سه‌ردانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ سه‌ردانێكی له‌وجۆره‌ بۆ ئه‌و به‌شه‌ بكرێت، باسیان له‌ ره‌وشی راگیراوان و چۆنیه‌تی كاركردنی ئه‌و به‌شه‌ له‌گه‌ڵ دادگاكان كرد. هه‌روه‌ها باسی ژماره‌یه‌ك كه‌موكۆڕی ئه‌و به‌شه‌یان كرد وه‌ك زۆربوونی ژماره‌ی راگیراوان و دروستبوونی قه‌ره‌باڵغیه‌كی ئێكجار زۆر بۆ به‌شه‌كه‌یان و نه‌بوونی شوێنێكی گونجاو كه‌ پێویستی به‌ به‌رفراوانكردنی باڵه‌خانه‌كه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ نه‌بوونی ئیمكانیاتی پێویستی ته‌ندروستی و ژماره‌یه‌ك پێداویستی دیكه‌ی به‌ندیخانه‌كه‌ كه‌ رۆژانه‌ ئه‌و به‌شه‌یان تووشی كێشه‌و گرفت كردووه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وێڕای ده‌ستخۆشی نوێنه‌رانی داواكاری گشتی و ستافی به‌شی پۆلیسی گرتن و گواستنه‌وه‌ رایگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌ گرنگیه‌وه‌ له‌ ره‌وش و بارودۆخی راگیراوان ده‌ڕوانن و ئه‌و سه‌ردانه‌ش به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ئاگاداربوونه‌ له‌ ره‌وشی راگیراوان. دواتر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌ وردی گوێی له‌ داواكاریی و كه‌موكورتییه‌كانی به‌شی گرتن و گواستنه‌وه‌ گرت و دواتریش سه‌ردانی به‌شه‌ جیاجیاكانی گرتوخانه‌كه‌ كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداریی چۆنیه‌تی كارو چالاكیی ئه‌و به‌شانه‌ بوو. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری رایگه‌یاند ده‌بێت په‌له‌ بكرێت له‌ پرۆسه‌ی دادگاییكردن و دیاركردنی چاره‌نووسی راگیراوان و ده‌ركردنی حوكمی كۆتاییان له‌لایه‌ن دادگاكان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ هۆی قه‌ره‌باڵغی زیاتر بۆ ئه‌و به‌شه‌. دواتر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری سه‌ردانی هۆڵی مانه‌وه‌ی راگیراوانی كرد و له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ چه‌ند راگیراوێك له‌ كێشه‌و گرفته‌كانیان كۆڵیه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت پرۆسه‌ی دادگاییكردنیان و قۆناغه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ و به‌ڵێنی دا به‌ زووترین كات به‌دوداچوونی ورد و پێویست بۆ گرفت و كێشه‌ی راگیراوان و به‌شی پۆلیسی گرتن و گواستنه‌وه‌ بكات.