لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەو ئاگاداربوون لە کاروباریان، ئەمڕۆ 7/9/2022 بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سەردانی هەریەک لە دادگاکانی بەرایی حاجیاواو رانیەو پشدەری کرد.
دوای پێشوازیکردنی لەلایەن دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرو فەرمانبەرانی ئەو دادگایانە، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لەگەڵیان کۆبووەوە. لە کۆبونەوەکاندا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری تەئکیدی
لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان و گەرەنتی کردنی مافی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی یاسادا کرد، چونکە هاووڵاتی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان ڕوو لە دادگا دەکەن، بۆیە گرنگە یاساکان بەبێ جیاوازی و فشار و دەستێوەردان جێبەجێ بکرێن و ئەمەش دەبێتە هۆی متمانەی هاووڵاتیان بە دادگاکان.
لە بەشێکی دیکەی ئەو سەردانانەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بەشە جیاجیاکانی دادگاکانی حاجیاواو ڕانیەو پشدەری بەسەر کردەوەو لە نزیکەوە گوێی لە داخوازی و پێداویستیەکانیان گرت.
لە گرنگترین داواکاری و پێداویستیە هاوبەشەکانی ئەو دادگایانەش نەبوونی توانای مرۆیی پێویست بەتایبەت لێکۆڵەرەوەی دادوەری و فەرمانبەرو هەروەها دابین کردنی باڵەخانەی گوونجاوو کەلوپەلی پێویست بۆ دادگاکان بوو.
سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی دووپاتی کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەو جۆرە بەسەرکردنەوانە، ئاگادار بوونە لە رەوشی دادگاکان و کەموکۆڕییەکانیان، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی جیدی دەدەن بۆنەهێشتنی کەموکۆڕییەکان و دابین کردنی پێداویستییەکانیان. بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێنی دا بە پێی توانا و ئیمکانیاتی بەردەست داواکاری و پێداویستیەکانیان دابین بکرێت.
هەر لەو سەردانانەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری سەردانی ژووری پارێزەرانی لەو دادگایانە کردو تەئکیدی لەسەر گرنگیی کاری پارێزەری لەپاڵ کاری دادگاکان کردو گوتی پارێزەران و دادگاکان ئەرک و بەرپرسیارێتی هاوبەشیان هەیەو تەواوکەری یەکترن، بۆیە هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی زۆر گرنگە.