فه يسبووك

ناونیشانی ئەنجومەنی دادوەری

الاثنين كانون الأول 12 2022 - 12:46
به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و سه‌رۆكی تیمی یونیتاد: كردنه‌وه‌ی وركشۆپێكی تایبه‌ت و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو


23/10/2022
121 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌


 

به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز دادوه‌ر عبدالجبار عزیز حسن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان و كریستیان ریچه‌ر سه‌رۆكی تیمی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش (یونیتاد) و د. دیندار زێباری رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وركشۆپێكی تایبه‌ت كرایه‌وه‌.

له‌ وركشۆپه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی له‌ دادگاكانی تێهه‌لچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شداربوون. وركشۆپه‌كه له‌لایه‌ن تیمی (یونیتاد) و به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی تواناو شاره‌زایی دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتیه‌ له‌ پرۆسه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان و میكانیزمه‌ یاساییه‌كانی دادگاییكردنیان.

 

 له‌ ده‌ستپێكی وركشۆپه‌كه‌دا، كریستیان ریچه‌ر، سه‌رۆكی تیمی یونیتاد وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، تێیدا سوپاسی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیان له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌وان وه‌ك تیمی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و له‌چوارچێوه‌ی دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش، ئاماده‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان. دواتر به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد. له‌ وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش دا و گوتی كه‌ گه‌لی كوردستان به‌رده‌وام قوربانی تیرۆر و توندوتیژیی بووه‌. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گوتی پرۆسه‌ی دادگایی كردنی تاوانبارانی داعش، پرۆسه‌یه‌كی هه‌ستیارو گرنگه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ و پێویستی به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌یه‌، بۆیه‌ یونیتاد ده‌توانێ رۆڵێكی گرنگی هه‌بێت له‌ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها داواشی له‌ به‌رپرسی تیمی یونیتاد كرد به‌رده‌وام بن له‌ پشتگیری كردنی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنی دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانی داعش و دادگاییكردنییان.

دوای پێشكه‌ش كردنی وته‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌نێوان سه‌رۆكی تیمی یونیتاد و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌ڕێوه‌چوو. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای ته‌ئكید كردن له‌ به‌رده‌وامی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان، باس و گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالی كرا بۆ دامه‌زراندنی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ی تاوانبارانی داعش و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ كردنه‌وه‌ی دادگایه‌كی له‌وچه‌شنه‌ هیچ ناكۆكی و دژایه‌تیه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌ستوری فیدراڵی نیه‌. هه‌روه‌ها داواشی له‌ سه‌رۆكی تیمی یونیتاد كرد به‌رده‌وام بن له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی و لێكنزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان بۆ دامه‌زراندنی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ی تاوانبارانی داعش.