فه يسبووك

ناونیشانی ئەنجومەنی دادوەری

الاثنين حزيران 6 2021 - 11:39
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم پێشوازی له پارێزه‌رانی كه‌یسی ژماره‌یه‌ك حوکمدراوان كرد


20/05/2021
89 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌


ئه‌مڕۆ به‌ڕێز دادوه‌ر به‌نگین قاسم محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم پێشوازی كرد له‌ پارێزه‌رانی كه‌یسی ژماره‌یه‌ك حوکمدراوان كه‌ پێش ماوه‌یه‌ك له‌ دادگای تاوانه‌كانی هه‌ولێر، حوكمدراون.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ وێڕای سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پێشوازی و دانیشتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، لائیحه‌یه‌كی راستكردنه‌وه‌ی بڕیاری پێداچوونه‌وه‌یان (لائحه‌ التصحیح القرار التمییزی) پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كرد و داوایان كرد به‌ پێی رێكاره‌ یاساییه‌كان ئه‌و لائیحه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌ كاری پێویستی بۆ بكرێت.

 
 

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وێڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی پارێزه‌ران، رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌رگای كراوه‌یه‌ بۆ پارێزه‌ران و ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان چه‌سپاندنی یاسا و دادپه‌روه‌رییه‌. دوای وه‌رگرتنی لائیحه‌ی راستكردنه‌وه‌ی بڕیاری پێداچوونه‌وه‌ له‌ پارێزه‌ران، به‌ڕێزسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گوتی كه‌ ئه‌و لائیحه‌یه‌ پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ی تایبه‌تمه‌نمدی دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كرێت و وه‌ك هه‌موو كه‌یسێكی دیكه‌ به‌ پێی رێكارو میكانیزمه‌ یاساییه‌كانی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها داواشی كرد پارێزه‌ران كه‌  به‌ (دادوه‌ریی وه‌ستاو يان قضاء الواقف) ناسراون، رۆڵی خۆیان بگێڕن له‌ كاركردنی پیشه‌ییانه‌ و لە چوارچێوەی یاساكان، به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادگاكان بپارێزرێت و تێكه‌ڵ به‌ بابه‌ته‌ سیاسیه‌كان نه‌كرێن و له‌ راگه‌یاندنیش مامه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌یسانه‌دا بكرێت.

له‌ كۆتاییشدا، پارێزه‌ران دووباره‌  سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و راوێژكار و به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی ئه‌نجومه‌ن كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی داواكارییه‌كانیان.

 

 

ب. راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان

20/5/2021