بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروباریان و ئاگاداربوون لە کێشەو کەموکۆڕییەکانیان، بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سەردانی دادگاکانی بەرایی چۆمان و رەواندز و مێرگەسۆری کرد.
لەو سەردانانەدا، دوای ئەوەی لەلایەن دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی و بەرپرسی ئیداری دادگاکانی ناوبراو پێشوازی لێکرا،
بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری تەئکیدی لەسەر جێبەجێ کردنی یاساو رایی
کردنی داواکاری و مامەڵەی هاوڵاتیان و تەواوی ئەو کەسانەی کرد کە ڕوو لە دادگاکان دەکەن. هەروەها گوتیشی متمانەی هاووڵاتیان پرسێکی زۆر گرنگەو کاتێک هاووڵاتی بەپێی یاسا داوای مافەکەی لە دادگاکان دەکات، کە مافەکەی بەدی هات متمانە دروست دەبێت، ئەمەش بناغەی کاری دادگاکان و ئەنجومەنی دادوەرییە، واتا چەسپاندنی یاساو گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و بەهێزکردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و دادگاکان.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە کێشەو گرفتی دادگاکان پرسی و سەردانی بەشە جیاجیاکانی ئەو دادگایانەی کرد ولە نزیکەوە گوێ لە داواکاری و کەموکۆڕیی و کێشەی فەرمانبەرانی ئەو بەشانە گرت. لەو بەسەرکردنەوانەدا ژمارەیەک داواکاری خرانەڕوو وەک کەمیی ژمارەی دادوەران و لێکۆڵەرەوانی دادوەری و فەرمانبەری پێویست لەو بەشانە. ئەمە بێجگە لە داواکاریی بۆ نەبوونی باڵەخانەی گونجاو و کەلوپەلی پێویستی رۆژانە بۆ ئەم دادگایانە. سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری رایگەیاند بەهۆی نەبوونی دامەزراندن لە چەند ساڵی رابردوو، بۆیە کێشە لەبەردەم دابینکردنی توانای مرۆیی پێویست بۆ دادگاکانیش دروستبووە ،بەڵام بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن ئەوبۆشایی و کەموکۆڕییانەی کە لە دادگاکان هەن بە پێی توانا بەردەستەکان دابین بکەن.
لە بەشێکی سەردانەکەیدابۆ قەزای مێرگەسۆر، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری سەردانی قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆری کرد و لەلایەن بەڕێز غەفور ئەحمەد مەلاسوار قایمقامی قەزای مێرگەسور بەگەرمی پێشوازی لێکرا. لە دانیشتنێکدا پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا وەک هەردوو دەسەڵاتی دادوەری وجێبەجێکردن و کارکردنی زیاتر بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە تەئکیدی لەسەر کرایەوە