فه يسبووك

ناونیشانی ئەنجومەنی دادوەری

الاربعاء أيلول 9 2022 - 04:08
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پێشوازی كرد شاندێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان


16/08/2022
109 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌


 

ئه‌مڕۆ به‌ڕێز دادوه‌ر عبدالجبار عزیز حسن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له‌ شاندێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی دانیال بیل سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق.

له‌ دانیشتنێكدا شاندی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سوپاسی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریان كرد بۆ هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگیان له‌سه‌ر به‌دواداچوونی یاسایی و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ كاروباری دادگاكان. هه‌روه‌ها خاتوو دانیال بیل سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند ئه‌وان پێشتریش سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكانیان كردووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا دادوه‌رییه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ڕووی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و توانای دادوه‌ر و لێكۆڵه‌رو فه‌رمانبه‌رانی دادوه‌ری ئه‌ویش به‌رێگه‌ی خولی مه‌شق و راهێنانی تایبه‌تی یاسایی له‌ بواره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان. له‌و رووه‌وه‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند هه‌رێمی كوردستان له‌و بوارانه‌دا هه‌نگاوی باشی ناوه‌ به‌ تایبه‌ت یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان و جێبه‌جێ كردنی ئه‌و یاسایه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوخۆی عێراق و ناوچه‌كه‌و له‌ هه‌ندێ پێوه‌ری جیهانیش، یه‌كێك له‌ یاسا هه‌ره‌ باشه‌كانه‌.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، رایگه‌یاند هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی جیدی و پراكتیكی بۆ چاكسازیی گشتگیر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ناوه‌و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وه‌ك لایه‌نی جێبه‌جێكردنی یاساكان، هاوشان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه‌ به‌ هه‌موو توانا هه‌وڵی سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن. هیواشی خواست نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌و رێكخراوانه‌ی تایبه‌تن به‌ كاروباری یاسایی و تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌رده‌وام بێت له‌ هاوكاری كردنی هه‌رێمی كوردستان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و توانستی دادوه‌ر و لێكۆڵه‌ره‌وانی دادوه‌ری.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، په‌ره‌پێدانی یاتری هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان و رێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ته‌ئكیدی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌.