ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان به هاوكاری رێكخراوی باڵای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران UNHCR له كێشه‌و كهموكۆڕییه یاساییه‌كانی په‌نابه‌ران و ئه‌و كێشانه‌ی كه له راپه‌ڕاندنی كاروباره یاساییه‌كانیان دێنه به‌رده‌میان، ده‌كۆڵنه‌وه.
ئه‌مڕۆ به‌ڕێز دادوه‌ر ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز دادوه‌ر ئومێد موحسن محه‌مه‌د ئه‌مین وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پێشوازی كرد له جاكلین بارلیفلیت، گه‌وره راوێژكاری رێكخراوی UNHCR له هه‌رێمی كوردستان.
له سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا، گه‌وره راوێژكاری رێكخراوی UNHCR به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت سوپاس و ستایشی هه‌وڵ و كۆششه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم كرد بۆ له‌خۆگرتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی په‌نابه‌رو كۆچبه‌ران و یارمه‌تیدانیان له هه‌موو بوارێكه‌وه، به شێوه‌یه‌ك راوێژكاری UNHCR باسی له‌وه كرد كه ئه‌و بابه‌ته جێی سه‌رنج و سهرسۆڕمانی ئێمه‌یه‌و له زۆر شوێنی دیكه كارمان كردووه بۆ په‌نابه‌ران به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌نابه‌ران ده‌كرێت، له زۆر شوێنی دیكه باشتره و مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر باش له‌گه‌ڵ په‌نابه‌رو ئاواره‌كان ده‌كرێت.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا راوێژكاری رێكخراوی UNHCR باسی له‌و كێشه‌و گرفتانه كرد كه دێنه به‌رده‌م په‌نابه‌ران و كۆچبه‌رانی هه‌رێم به تایبه‌ت له‌ڕووی یاساییه‌وه، وه‌ك پێویست بوونیان به به‌ڵگه‌نامه‌ی كه‌سی و ناسنامه‌كانیان بۆ راپه‌ڕاندنی كاروباره‌كانیان له دادگا‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی په‌یوه‌ست به كاروباره‌كانیان.
راوێژكاری رێكخراوی UNHCR له هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه تا ئێستا داموده‌زگاكانی سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زۆرییان له‌و بواره پێشكه‌ش كردووه، به‌ڵام ئه‌و بواره كار‌و هه‌ماهه‌نگی زیاتری ده‌وێت به تایبه‌ت كه پێویسته ئه‌و یاسایانه‌ی كه له‌به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران و كۆچبه‌ران كاریان پێ ده‌كرێت، له‌ڕووی یاسا نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هیچ كێشه‌یان نه‌بێت و له هه‌مان كاتیش ئاسانكاریی بۆ په‌نابه‌ران هه‌بێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری سه‌ره‌ڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی گه‌وره راوێژكاری رێكخراوی UNHCR رایگه‌یاند كه جێی شانازییه هه‌رێمی كوردستان بۆته په‌ناگه‌ی ئه‌و كۆچبه‌رو په‌نابه‌رانه و له هه‌مان كاتیش هه‌وڵه‌كانی هه‌رێم مایه‌ی ستایشی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی وه‌ك UNHCRن. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه كرد له‌وه‌ته‌ی ئه‌و ژماره زۆره‌ی په‌نابه‌ران روویان كردۆته هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و لایه‌نێكی یاسایی، درێغیان نه‌كردووه له كارئاسانیی بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا بێگومان تووشی كێشه‌و كهموكۆڕیش ده‌بن به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌نامه‌و دیكۆمێنتی پێویست بۆ راپه‌راندنی كاروباری په‌نابه‌ران، بۆیه له‌م رووه‌وه پێویسته رێكخراوی UNHCR هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و كه‌موكۆڕییه‌كان.
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردوولا بڕیاریان دا له رۆژی 18/12/2014 كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی دادگاكانی تێهه‌لچوونه‌وه له هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار به راپه‌ڕاندنی كاروباره یاساییه‌كانی په‌نابه‌ران، ساز بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌نجه له‌سه‌ر كێشه‌و كه‌موكۆڕییه‌كان دابنێن و رێكار‌و میكانیزمی گونجاویش بۆ چاره‌سه‌ركردنیان دابنێن.