لە بەردەوامیی سەردان و بەسەرکردنەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان، له رۆژی 2022/10/18 بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سەردانی هەریەک لە دادگاکانی بەرایی بەردەڕەش و قەسرۆک و ئاکرێی کرد.
دوای پێشوازیکردن لەلایەن دادوەران و ستافی کارگێڕی، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لەگەڵ دادوەر و بەڕێوەبەری کارگێڕی ئەو دادگایانە کۆبووەوە.
بەڕێز عبدالجبار عزیز حسن، دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو سەردانانە ئاگاداربوونە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروباری هاووڵاتیان و داواکارییە یاساییەکانیان. بەڕێزیان دیسان تەئکیدی لەوە کردەوە کە پێویستە جێبەجێ کردنی یاسا و گەرەنتی کردنی ماف و داواکاری هاووڵاتیان ئەولەویەت و ئامانجی هەرەسەرەکی دادگاکان بێت، بەشێوەیەک ببێتە هۆی بەهێزکردنی هەرچی زیاتری متمانەی هاووڵاتیان بە یاساو دادگاکان.
بەشێکی دیکەی سەردان و بەسەرکردنەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بۆ دادگاکانی بەردەڕەش و قەسرۆک و ئاکرێ، تایبەت بوو بە کێشەو گرفت و کەموکۆڕی دادگاکان.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری دوای دانیشتن و گفتوگۆیەکی کراوەو گوێگرتن لە دادوەران، بەشە جیاجیاکانی ئەو دادگایانەی بەسەر کردەوە.
بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن لە نزیکەوە گوێی لە قسەو داواکاریی فەرمانبەران و ستافی ئیداری دادگاکان گرت. لەسەرەکیترین داواکارییەکانیان، کەمیی ژمارەی دادوەر و لێکۆڵەرەوەی دادوەری و فەرمانبەری پێویست و باڵەخانەی گونجاوو هەروەها کەلوپەلی رۆژانەی پێویست بۆ ئەو دادگایانە بوو. بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری گوتی: لە ئامانجەکانی ئەو سەردانانە چارەسەرکردنی کێشەو کەموکۆڕییەکان و دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکانە، بۆیە ئەنجومەنی داوەری بەوپەڕی توانا هەوڵ دەدات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و دابین کردنی پێویستیەکان. بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێنی دا بەپێی تواناو ئیمکانیات، زۆرترین داواکاریی و پێداویستیەکانیان جێبەجێ و دابین بکرێت.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو سەردانانەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ژووری پارێزەرانی بەسەر کردەوەو ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی پارێزەران و هاوکاری و هەماهەنگیان لەگەڵ دادوەران و ستافی دادگاکان کرد. لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری رێنمایی و راسپاردەی پێویستی بە پارێزەران دا بەشێوەیەک لە خزمەت چەسپاندنی یاساو بەدیهێنانی دادپەروەری لە دادگاکاندا بێت.