|
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پێشوازی كرد له شاندێكی په‌یمانگه‌ی ئه‌مریكی بۆ ئاشتی
07/11/2022
408
جار خوێندراوه‌ته‌وه
ئه‌مڕۆ به‌ڕێز دادوه‌ر عبدالجبار عزیز حسن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له شاندێكی په‌یمانگه‌ی ئه‌مریكی بۆ ئاشتی به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رهه‌نگ حه‌مه سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی په‌یمانگه‌ی ناوبراو.
له دانیشتنێكدا شاندی میوان كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌رك و چالاكیه‌كانی بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری باس كرد له چه‌ندین بواری جیاجیای سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی كار ده‌كه‌ن و پێیان باشه له بواری دادپه‌روه‌ری و یاساش له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیان هه‌بێت. ئه‌م بوارانه‌ش به‌رێگه‌ی توێژینه‌وه‌و خولی راهێنان و به‌هێزكردن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆیه داوایان له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كرد له بواره‌كانی تایبه‌ت به یاسا‌و دادپه‌روه‌ری هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، سوپاسی كردن بۆ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیان و رایگه‌یاند عێراق به ده‌ست ژماره‌یه‌ك كێشه‌ی جۆراوجۆری سیاسی و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ناڵێنێت بۆیه به‌رچاوخستنی ئه‌و كێشانه‌و دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی چاره‌سه‌ر بۆیان كارێكی گرنگه، به تایبه‌ت كه په‌یمانگه‌ی ئه‌مریكی بۆ ئاشتی به هۆی ئه‌ركه‌كانی له په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵ داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی ئه‌مریكا و ده‌توانن ببنه پردێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی ئه‌و كێشه‌و گرفتانه.
دواتر گفتوگۆیه‌كی تێر‌و ته‌سه‌ل له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك كێشه‌و گرفتی ئێستای نێو گۆڕه‌پانی عێراق كرا وه‌ك كێشه‌ی ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و پرسی ئاواره‌كان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سوكارو خانه‌واده‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ داعشدا هه‌بووه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئاماده‌یی هه‌موو هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگییه‌ك كه په‌یوه‌ست بێت به كاروباری یاسایی و دادگاكان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، بۆ شاندی میوان خسته‌ڕوو.
|