لە سێیەمین رۆژی سەردانیان بۆ وڵاتی ئیستۆنیاو بەسەرکردنەوەی ناوەندەکانی بە ئەلیکترۆنی کردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت، ئەمڕۆ شاندی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی سەردانی سەنتەری تۆمارکردن و زانیاریی سیستەمی دیجیتاڵی و چەند کۆمپانیای تایبەت بە بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت کرد.
لەو دیدارانەدا، شاندی ئەنجومەنی دادوەریی
لەنزیکەوە ئاگاداری پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی دامودەزگا دەوڵەتیەکان و قۆناغەکانی ئەو پرۆسەیە و میکانیزمی پەیوەندیی نێوان حکومەت و سێکتەرە تایبەتیەکانی ئەو بوارە لە وڵاتی ئیستۆنیا بوون. هەروەها لەو دیدارانەدا باسی ئەزمونی ئەو وڵاتە لە جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی بە ئەلیکترۆنی کردن لە ژمارەیەکی زۆر وڵاتانی جیهان کرا.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری رایگەیاند ئەو سەردانە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەوان سوورن لەسەر پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگا فەرمیەکان لە هەرێمی کوردستان لەنێویشیاندا ئەنجومەنی دادوەریی و دادگاکانی هەرێمی کوردستان. گوتیشی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە بۆ بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکان و لەو چوارچێوەیەشدا دەتوانن سوود ل وڵاتی ئیستۆنیا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو بوارە لە هەردوو سێکتەری گشتی و تایبەتی ئەو وڵاتە وەرگرن.