له رۆژی 22/1/2025 بە ئامادەبوونی بەڕێز دادوەر شوان محی الدین جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و بە نوێنەرایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، باڵەخانەی نوێی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان کرایەوە.
لە سەرەتای رێورەسمەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی وتەیەکی پێشکەش کرد تێیدا وێڕای گەیاندنی سڵاوو رێزی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی، پیرۆزبایی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی سەندیکای پارێزەرانی
کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
دادوەر شوان محی الدین جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە کاری پارێزەری هاوبەشێکی راستەقینەی دادوەرییە و دادوەر و پارێزەر وەک دوو باڵی دادپەروەرین و هیچ کامیان بەبێ ئەوی دیکە ناتوانێ ئامانجەکانی بپێکێ. لەسەر ئەو بنەمایەش ئەنجومەنی دادوەریی ئامادەیە بۆ هەموو هاوکاریی و هەماهەنگیەک بۆ ئەوەی هاوسەنگی کاری دادوەریی و داکۆکی یاسایی فەراهەم بکات، بەشێوەیەک بەرژەوەندی کۆمەڵگەو متمانەی هاووڵاتیان بەرامبەر دەزگا دادوەرییەکان بێنێتە دی.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی گوتی: پیشەی پارێزەرایەتی پیشەیەکی ئاسان و ئاسایی نیە، بەڵکو پەیامێکی بەرزو پیرۆزە بۆ داکۆکی کردن لە مافەکان و بەرزنرخاندنی وشەی حەق و دادپەروەری و یەکسانی ئەمەش بە دڵنیاییەوە ئەمانەتێکی قورسە لەسەرشانی پارێزەر ، بۆیە دەبێ پارێزەریش شانازی بە پیشەکەی خۆیەوە بکات، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێ پارێزەریش پابەندی بنەماکانی مودەونەی رەفتاری پیشەیی پارێزەران و ئەخلاقیاتی پیشەکەی بێت چونکە متمانەی پارێزەر مسوگەر دەکات و نەزاهەتی پیشەکەی دەپارێزێت.
لە کۆتاییشدا دادوەر شوان محی الدین جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی وێڕای دووبارە پیرۆزباییکردن لە پارێزەرانی کوردستان، هیوای خواست سەندیکای پارێزەران ببێتە سەرچاوەیەکی رووناکی بۆ ئەو رێگایانەی دەمانگەیەنێتە باشترین شێوازەکانی خزمەتکردنی مافەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری.