ئەمڕۆ 8/4/2025 وەک دەربڕینی رێزو وەفا بۆ خەبات و قوربانیدانی سەرکردەی گەورەی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی کوردستان بارزانی نەمر، بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بەیاوەری جێگری سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دادگاکانی تێهەلچوونەوەی هەولێرو دهۆک و ژمارەیەکی زۆر دادوەران و فەرمانبەرانی
ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوەی هەرێم و هەردوو دادگای ناوبراو سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان کرد.
لە سەردانەکەدا دوای پێشوازیکردن و بەخێرهێنانیان لەلایەن سەرپەرشتیار و ستافی پێشوازیی مێوانان لە مەزاری نەمران، وتاری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی خوێنرایەوە، تێیدا ئاماژەی بە ژیان و خەباتی بارزانی نەمر دا لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی و مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان. هەروەها ئاماژە بە ڕۆلی ئەو سەرکردە مەزنە درا لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەبێ جیاوازیی لەنێوان پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستاندا.