ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان و جێگر و ژمارەیەک ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دادگاکانی تێهەلچوونەوەی سلێمانی و کەرکوک/گەرمیان و جێگری پارێزگار و قایمقامی قەزای ماوەت و ژمارەیەک بەرپرسانی ئیداری و کارگێڕی ناوچەکە دادگای بەرایی ماوەت لەو قەزایە کرایەوە.
لە
سەرەتای رێورەسمەکەدا سەرۆکی دادگای تێهەلچونەوەی سلێمانی وتەی بەخێرهێنانی پێشکەش کرد و سوپاسی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی کرد بۆ هەوڵەکانی ئەنجومەن لەپێناو کردنەوەی ئەم دادگایەو داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد هاوکار بن بۆ دابین کردنی پێداویستی مرۆیی و مادی بۆ دادگاکە.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی وتەیەکی پێشکەش کرد، تێیدا ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردو پەسنی پێشڤەچوونی ئاستی هۆشیاری و یاسادۆستی هاووڵاتیانی کرد کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان روو لە دادگا دەکەن کە ئەمەش جێی خۆشحاڵیە.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی راشیگەیاند لە هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی دادگای دیکە لەو ناوچانەی پێویستیان هەیە بەردەوام دەبن، چونکە دەبێتە هۆی کەمکردنی بارگرانی سەرشانی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بە رێگایەکی ئاسان و تەرخانکردنی کاتێکی کەمتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان روو لە دادگا بکەن.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی باڵەخانەی نوێی دادگاکەی کردەوەو بەش و پێکهاتەکانی ئەو دادگایەی بەسەرکردەوەو بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی ئەو دادگایە.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی سەردانی قایمقامیەتی قەزای ماوەتی کرد و لە دانیشتنێکدا لەگەڵ قایمقام و بەرپرسی یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکە، تەئکیدی لەسەر رۆڵ و هەماهەنگی یەکە ئیدارییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی و دادگاکان کردەوە.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری دادگای بەرایی شارباژێری بەسەر کردەوەو لە دانیشتنێکدا لەگەڵ دادوەران و بەرپرسانی دادگاکە لە کاروبارو پێداویستیەکانی دادگاکە کۆڵیەوە.