لێژنەیەک لە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی
کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز دادوەر شوان محی الدین جێگری سەرۆکی ئهنجومهنی
دادوهریی ههرێمی كوردستان و ئەندامێتی بەڕێز دادوەر فاخر سابیر بایز سەرۆکی
دادگای تێهەلچوونەوەی ناوچهی هەولێر و بەڕێز دادوەر محەمەد سەعید سەرۆکی داواکاری
گشتی بەوەکالەت کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ یەکێتی نێودەوڵەتیی بازرگان و خاوەنکارەکان
ئەنجام دا بەمەبەستی تاوتوێ کردنی ئالنگارییەکانی بەردەم تەحکیم و پێویستی ئامادەکردنی
یاسایەکی نوێ.
لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی تەحکیمی بازرگانی لە هەرێمی
کوردستان وئالنگارییە یاسایی و پراکتیکیەکانی بەردەمی، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی تایبەت
و رێکخراو کە رێکارهکانی تەحکیم و ئاسەوارە یاساییەکانی رێک بخات، گفتوگۆی لەسەر
کرا.
هەردوولا ئەوکەموکۆڕییانەیان خستەڕوو کە لە یاسا
بەرکارەکاندا هەیە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە میکانیزمەکانی پێکهێنانی لێژنەکانی
تەحکیم و گەرەنتییەکانی پاراستنی بێلایەنی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تەحکیم و
داننان پێیان.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی
باسی لەگرنگیی داڕشتنی یاسایەکی سەردەمیانە بۆ رێکخستنی تەحکیم کرد، بەشێوەیەک
گونجاو بێت لەگەڵ گەشەو گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و وەڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی کۆمەڵگە
بێت لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان. ئاماژەشی بەوە دا ئەنجومەنی دادوەری ئامادەی
هاوکاری و هەماهەنگیە لەگەڵ هەموولایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دانانی یاسایەکی
گونجاو کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەکان و گەرەنتی دادپەروەریی و بێلایەنبوو
بكات.
هەروەها هەردوولا تەئکیدیان کردەوە کە ئامادەکردنی
پرۆژەیاسایەکی گونجاو بۆ تەحکیم پێویستییەکی یاساییه بۆ ههرێمی كوردستان، بەتایبەت
دوای ئەندامبوونی کۆماری عێراق لە رێککەوتنی ساڵی 1958ی نیویورک تایبەت بە دانپێدانان
بە بڕیارەکانی تەحکیمی بیانی و جێبەجێکردنیان لە ساڵی2021 کە وادەخوازێت یاسا نێوخۆییەکان
لەگەڵ پابەندییە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەو رێکەوتنە هاوشان بن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا ورکشۆپێکی
تایبەت ساز بکرێت بە ئامادەبوونی کەسانی شارەزاو پسپۆڕ لە بواری دادوەریی و یاسایی
و نوێنەرانی کۆمەڵگەی بازرگانی، بۆ تیشک خستنە سەر ئالنگارییە یاساییەکانی بواری تەحکیم
و رێگەکانی پێشبردنی یاسایی ئەو بوارە بەشێوەیەک لەگەڵ قۆناغی ئێستا گونجاو بێت و
کاریگەری هەبێت لە بەهێزکردنی متمانەی وەبەرهێنەرە نێوخۆیی و بیانیەکان لە ژینگەی
بازرگانی لە هەرێم.
هەروەها ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان تەئکید
دەکاتەوە لە گەشەپێدانی یاسایی ئەو بوارە بەشێوەیەک گەرەنتی دادپەروەریی تێیدا بەدی
بکرێت و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو و جێگیری یاسایی بۆ راکێشان و هێنانی وەبەرهێنان
بۆ هەرێمی کوردستان کە لەسەر بناغەی بێلایەنی و توانا بنیات نرابێت.