ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی (٢٠٢٦/٤/٣٠) لە تەلاری ئەنجومەنی دادوەری، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و هاوبەش لە نێوان دادوەرانی دادگای کار و ئەنجومەنی کارگێڕی خەزێنەی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران بەڕێوەچوو. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە تیشکخستنە سەر کێشە یاساییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بوو بۆ خێراکردنی یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی تایبەت بە مافی کرێکاران.
تەوەرەی یەکەم: ئاستەنگە یاساییەکان
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، زەکیە سید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی یاسایی کار پێشکەش کرد. بەهۆی کارانەبوونی پەرلەمان ؛ دامەزراوەکان ناچارن لە ئێستادا بەردەوام بن لە کارکردن بە یاسا کۆنەکە. جەختیشی کردەوە کە ئەم دۆخە نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم پاراستنی ماف و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران.
تەوەرەی دووەم: چاکسازی لە ڕێکارە دادوەرییەکان
لە کۆنوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر لایەنە تەکنیکییەکانی دادگاییکردن کرا. گرنگترین ئەو خاڵانەی کۆدەنگییان لەسەر بوو بریتی بوون لە:
پسپۆڕی دادگا: جەختکرایەوە کە لە ئامادەنەبوونی دادگای تایبەت بە کار؛ دەبێت دادگاکانی بەرایی بە خێرایی ئەرکی یەکلاکردنەوەی کێشەکان بگرنە ئەستۆ.
ئامادەبوونی نوێنەران: پێویستی ئامادەبوونی فەرمی نوێنەرانی وەزارەت و سەندیکای کرێکاران لە دانیشتنەکاندا بۆ گەرەنتی کردنی شەفافییەت.
چارەسەری دواکەوتنی کەیسەکان: باس لەو ئاستەنگانە کرا کە دەبنە هۆی دواکەوتنی بڕیارەکان و زیانگەیاندن بە ژیانی کرێکاران.
دەرەنجام و پێشنیارەکان
کۆبوونەوەکە بە چەند پێشنیارێکی گرنگ کۆتایی هات کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دادوەری کران، لەوانە: یەکخستنی سەرجەم ڕێکارەکان لە هەموو دادگاکانی هەرێم، پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین، و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئامانجی کۆتایی ئەم هەوڵانە چەسپاندنی یاسا و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پارێزراوە بۆ چین و توێژی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان.