زۆر جار كه هاووڵاتی سه‌ردانی دادگا ده‌كات، له‌وانه‌یه تووشی كێشه‌و گرفت بێت ئه‌ویش له‌به‌ر نه‌بوونی زانیاری و هۆشیاری پێویست له دادگاكان و یاساكان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته هاووڵاتی سه‌ره‌تایی ترین زانیاری و ئاگاداری له‌مه‌ڕ بارودۆخی دادگاكان و چۆنیه‌تی كاركردنیان بزانێت به تایبه‌ت ئه‌و مافانه‌ی كه هه‌یه‌تی له‌به‌رده‌م دادگا چ له كاتی بهرزركردنی سكاڵا یان به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كانی دادگا یان دوای ده‌رچوونی بڕیاره‌كان. له‌م بابه‌ته‌ی خواره‌وه كه له ئاماده‌كردنی به‌ڕێز د. دادیار حمید سلێمان) دادوه‌رو وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستانه، گرنگترین و به‌سوودترین زانیاریی یاسایی ده‌خه‌ینه به‌رده‌م هاووڵاتیانی به‌ڕێز بۆ ئه‌وه‌ی كاتی سه‌ردانی كردنی دادگاكان یان پێویست بوون به زانینی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی رێره‌وی داوا یاساییه‌كان له‌نێو دادگاكان سوودیان لێ وه‌رگرن.
مافه‌كانی هاوڵاتی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری
دادوه‌ر
د.دادیار حمید سلیمان
وته‌بێژی فه‌رمی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری یه‌كێكه له‌سێ ده‌سه‌ڵاته سه‌ره‌كیه‌كه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ,كه ئه‌ركی سه‌ره‌كی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ریه له نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا,له رێگای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه و ناكۆكیه‌كانی نێوانیان یاخوود كێشه‌كانیان له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه به په‌یره‌وكردنی یاسا به‌سه‌ر ئه‌م كێشه و ناكۆكیانه,ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێمی كوردستان دوای راپه‌رینی به‌هاری ساڵی 1991 و هاتنه‌كایه‌ی دامه‌زراوه شه‌رعیه‌كانی هه‌رێم له رێگای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 19/5/1992 وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی یاسا دانانی هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی جێبه جێكردنی و ده‌ركردنی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره (14)ساڵی 1992 له لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كو سێیه‌م ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی ئه‌م هه‌رێمه هاتنه كایه‌وه كه ئه‌ركی سه‌ره‌كی یه كلاكردنهوهی كێشه و تاوانه‌كانه به پێی یاسا,ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌شی له‌گه‌له‌وه پێ ده‌به‌خشرێ به‌و پێیه‌ی كه حوكمه‌كانی دادگا به ناوی گه‌له‌وه ده‌رده‌چن و جێبه‌جی ده كرێن .(ماده‌ی (3)له یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ژماره (23)ساڵی 2007).
چه‌ند جۆری دادگامان هه‌یه؟
به پێی ده‌ستوری كۆماری عێراق فیدرال ساڵی 2005 كه له كاتی ئێستادا كاری پێده‌كرێت هه‌رێمه‌كان مافی په‌یره‌وكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێ كردن و دادوه‌ریان هه‌یه (ماده‌ی 121یه‌كه‌م),وهه‌رێمی كوردستان ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه په‌یره‌و ده‌كات.به پشت به‌ستنی به حوكمه‌كانی ئه‌م ده‌ستوره كه هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به هه‌رێمێكی فیدرال ناساندوه به پێی بڕگه (یه‌كه‌م )له ماده‌ی (117)و ئه‌م هه‌رێمه‌ش ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری پهیرهودهكات وبۆ ئه‌م مه‌به‌سته یاسای ژماره (23)ساڵی 2007 له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ركراوه بۆ رێكخستنی كاری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به شێوازێك كه به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری راسپاردراوه به دادگا شارستانیه (مه‌ده‌نیه)جۆراوجۆره‌كان كه له ماده‌ی نۆیه‌م یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره (23)ساڵی 2007 ئاماژه‌یان پێكراوه وله مانه‌ی خواره‌وه پێك دێن:
یه‌كه‌م: دادگای پێداچوونه‌وه (محكمه التمییز)
دووه‌م: دادگاكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه (محاكم الاستئناف)
سێیه‌م: دادگاكانی تاوان (محاكم الجنایات)
چواره‌م: دادگاكانی به‌رایی (محاكم البداوه)
پێنجه‌م: دادگاكانی نه‌وجه‌وانان (محاكم الاحداپ)
شه‌شه‌م: دادگاكانی باری كه‌سایه‌تی (محاكم الاحوال الشخصیه)
حه‌وته‌م: دادگاكانی كه‌تن (محاكم الجنح)
هه‌شته‌م: دادگاكانی كار(محاكم العمل)
نۆیه‌م: دادگاكانی لێكۆڵینه‌وه (محاكم التحقیق)
ده‌یه‌م: دادگاكانی ماده‌كانی كه‌سایه‌تی بۆ مه‌سیحیه‌كان وئێزدیهكان و ئاینه‌كانی تر.
(محاكم المواد الشخصية للمسیحیین والازدیین والدیانات الاخرى).
كێ مافی بهرزركردنی داوای هه‌یه و چه‌ند جۆری داوای یاسایی هه‌یه؟
مافی هه‌ر هاوڵاتیه‌ك یاخود دانیشتوویهكی (مقیم)هه‌رێمی كوردستانه كه داوا له‌م دادگایانه بكات بۆگێرانه‌وه‌ی مافی له كاتی زه‌وتكردنی یاخود هه‌ره‌شه كردن له مافه‌كه‌ی له رێگای ئامرازێكی شارستانی كه شوێنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و به كارهێنانی هێزی گرتۆته‌وه كه رێگه چاره‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كان بووه و ئه‌م ئامرازه یاساییه شارستانیه‌ی ئێستاكه‌ش پێی ده‌وترێت داوا (الدعوى) و به شێوازێكی نوسراو به پێی مه‌رجه یاساییه‌كانی ماده‌ی (46) یاسای داد بینی شارستانی عێراقی ژماره(83)ساڵی 1969 پێشكه‌ش به دادگا شارستانیه‌كان ده‌كرێت و ناوده‌برێت به داوای شارستانی (الدعوى المدنیه)، و یاخود به شێوازێكی نوسراو و زاره‌كی (شفوی)پێشكه‌ش به ده‌سه‌ڵاتی لێكۆلینه‌وه ده‌كرێت و ناوده‌برێت به داوای سزای (الدعوى الجزائیه)به پێی ماده‌ی یه‌كه‌م /ا له یاسای بنه‌مای دادگای سزای ژماره(23)ساڵی 1971.ئه‌وه‌ی جێگای گرنگی و بایه‌خی ئێمه‌یه كه له‌م باسه روونی بكه‌ینه‌وه مافی لایه‌نه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌م دوو جۆره داوایه له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و له سه‌روویانه‌وه ده‌ستوری كۆماری عێراقی فیدرال له ساڵی 2005 و یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ژماره (23)ساڵی 2007 و یاسای دادبینی شارستانی عێراقی ژماره (83)ساڵی 1969 و یاسای بنه‌مای دادگای سزای ژماره (23)ساڵی 1971 كه ئاماژه‌یان به‌مافه جۆراوجۆره‌كانی لایه‌نه‌كانی داوا كردووه و له هه‌مان كاتدا رێكه‌وتنامه و به‌ڵێننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی په‌یوه‌ست به مافه‌كانی مرۆڤ به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ و سه‌ره‌كی ئه‌م مافانه ده‌ژمێردرێن وه‌كو جاری گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ ساڵی 1948 وپهیمانامهی نێوده‌وڵه‌تی مافه سیاسی و شارستانیه‌كانی ساڵی 1966 كه ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌م رێكه‌وتنامه و په‌یماننامانه‌ی په‌سه‌ندكردووه و به به‌شێك له یاساكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت و چه‌ندین مافی یاسایی دابین كردووه بۆ هاوڵاتی و هه‌رلایه‌نێكی داوای شارستانی و سزایی له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادگاكان. جیگای ئاماژه‌پێكردنه شان به شانی یاسا كارپێكراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له‌م روانگه‌یه‌وه به پێویست ده‌زانین كه به شێوازێكی كورت ئاماژه به گرنگترین مافه سه‌ره‌كییه‌كانی هاوڵاتی لایه‌نی داوا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی بكه‌ین كه بریتیه له :
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م / مافه‌كانی هاوڵاتی له داوای شارستانی.
ته‌وه‌ری دووه‌م / مافه‌كانی تۆمه‌تبار له داوای سزای .
و مه‌به‌ست له‌م دابه‌شكردنه ئه‌وه‌یه كه بۆ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك روون بكرێته‌وه كه له به‌رده‌م هه‌ر دادگایه‌كی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئه‌م جۆره مافانه‌ی بۆ چه‌سپاوه به پێی یاسا كارپێكراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و به پشت به‌ستن به رێكه‌وتنامه و به‌ڵێنامه نێو ده‌وڵه‌تیه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و پێویسته دادگاكان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئه‌م مافانه دابین بكه‌ن ,له هه‌مان كاتدا,تۆمه‌تبار له داوای سزای مافی زیاتری بۆ دابین كراوه به مه‌ستی به دیهێنانی دادگایی كردنێكی دادپه‌روه‌رانه كه گه‌ره نتیهكانی مافی مرۆڤ تیادا ره‌چاوبكه‌ین بۆیه كاتێك باسی مافه‌كانی هه‌ر هاوڵاتیه‌ك یاخود دانیشتوویهكی (مقیم) لایه‌نی داوایه‌كی شارستانی به‌رده‌م دادگاكانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كرێت ,ئه‌وا ئه‌م جۆره مافانه له هه‌مان كاتدا بۆ لایه‌نه‌كانی داوای سزای دابین كراوه و له‌مه‌ش زیاتر ماف و گه‌ره‌نتی زیاتر بۆ تۆمه‌تبار به‌رجه‌سته‌كراوه به مه‌به‌ستی په‌یره‌وكردنی دادگایی كردنی دادپه‌روه‌رانه‌و مافی به‌رگری كردنی تۆمه‌تبار به‌رامبه‌ر هه‌ر تاوانێك له رێگای ههژماركرنی به‌بێ تاوان (بريء)تاكو سه‌لماندنی تاوانه‌كه له‌سه‌ری به‌رێگای دادگایی كردنێكی دادپه‌رورانه كه ره‌چاوی گرهنتیهكانی مافی مرۆڤ تیایدا بكرێت هه‌روه‌كو باسمان كرد و له‌م باره‌یه‌وه گرنگترین مافه سه‌ره‌كیه‌كان وا له خواره‌وه باسی ده‌كه‌ین:
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م/ مافه‌كانی هاووڵاتی له داوای شارستانی:
به شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌ند مافێكی سه‌ره‌كی و بنچینه‌یی بۆ هه‌ر لایه‌نێكی داوای شارستانی دابین كراوه كه له هه‌مان كاتدا به كۆڵه‌گه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌ژمار ده‌كرێت و لایه‌نه‌كانی داوای سزای به‌سه‌ریان په‌یڕه‌و ده‌كرێت، كه ئه‌وانیش بریتین له:
1- سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری (استقلال السلطة القضائية):
هه‌رچه‌نده سه‌ربه‌خۆیی دادگاكانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه‌ی ده‌وڵه‌ت كۆڵگهیهكی سه‌ره‌كییه بۆ په‌یڕه‌و كردنی پره‌نسیپی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان (مبدأ فصل السطات) و پاراستنی شكۆداری و ئازادی دادوه‌ر له ده‌ركردنی بڕیار و حكومه‌كانی دادگا به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌م سه‌ربه‌خۆیه گره‌نتی په‌یڕه‌و كردنی پره‌نسیپی دادپه‌روه‌رییه له حوكم و بڕیاره‌كانی دادگا سه‌باره‌ت هاووڵاتی به‌و پێیه‌ی كه هیچ ده‌سه‌ڵاتێك مافی ده‌ستوه‌ردان و زیاده‌ڕۆیی نیه له ئیش و كاره‌كانی دادگا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه كه ده‌ستور و یاساكان گرنگی به‌م بابه‌ته ده‌ده‌ن كاتێك كه ئاماژه ده‌كه‌ن كه (دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆیه‌و له یاسا به‌م لاوه هیچ ده‌سه‌لاتێكی به‌سه‌ردا نیه) به پێی ماده‌ی (19/یه‌كه‌م) ده‌ستوری عێراقی ساڵی 2005 و ماده‌ی (2) له یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره (23) ساڵی 2007.
2- مافی یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسا‌و دادگا (حق المساواة امام القانون و القضائية)
له‌كاتی سه‌یركردنی هه‌ر داوایه‌ك له‌لایه‌ن دادگایه‌كی شارستانی یاخود سزایی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری لایه‌نه‌كان یه‌كسان له‌به‌رده‌م ئه‌م دادگایه و به یه‌كسانی یاساكان به‌سه‌ریان جێبه‌جێ ده‌كرێت به بێ جیاوازی به‌هۆی ره‌گه‌زو نه‌ژاد و ره‌نگ و ئایین و رێچكه‌و باوه‌ڕ و رای سیاسی و باری ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی به پێی ماده‌ی (14) له ده‌ستوری ساڵی 2005 و به هه‌مان شێوه ئه‌م مافه دابین كراوه بۆ هاوڵاتی و بیانی له‌كاتی بینینی داواكه‌ی له‌به‌رده‌م دادگادا.
3- مافی دادگه‌ری (القضائي):
ئه‌مه‌شیان مافێكی گشتیه هاووڵاتی و بیانی بۆی دابین كراوه كه ناكرێت لێخۆشبوو‌ن له‌سه‌ر بكرێت و له‌ناو ناچێت به به‌كارنه‌هێنانی، و مافێكی چه‌سپاوه له چوارچێوه‌ی ده‌ستوری كۆماری عێراقی فیدراڵی ساڵی 2005 به پێی ماده‌ی (19/سێیه‌م) و رێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی په‌یوه‌ست به مافه‌كانی مرۆڤ به پێی ماده‌كانی (10-8) جاڕی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ ساڵی 1948 و ماده‌ی (14) به‌ڵێننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافه سیاسی و شارستانیه‌كانی ساڵی 1966 بۆ هه‌موو تاكێك دابین كراوه هاووڵاتی یاخود بیانی به‌و پێیه‌ی كه مافێكی سروشتیه لكێنراوه به كه‌سی یاخود به خودی مرۆڤ و لێی جیا نابێته‌وه‌و چه‌مكی ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌یه كه هه‌ر كه‌سێك ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر مافێك له مافه‌كانی بۆی هه‌یه روو له دادگا بكات بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستدرێژییه و گێڕانه‌وه‌ی مافه‌كه‌ی له‌و كه‌سه‌ی كه زه‌وتی كردووه.
4- ده‌سه‌ڵاتی دادگاكان(ولاية المحاكم):
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت تاكه‌كان قه‌ده‌غه‌كران له به‌ده‌ست هێنان و گیِڕانهوهی مافه‌كانیان به به‌كارهێنانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و به‌كارهێنانی هێزو مافی دادگه‌ری كه له سه‌ره‌وه باسمان كرد بۆیان دابین كرا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت به‌و پێیه‌ی كه دادوه‌ری كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له‌رێگه‌ی دادگاكان په‌یڕه‌و ده‌كرێت ئه‌م راستیه‌ش وای سه‌پاند كه دادگاكان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێكی سروشتی و مه‌عنه‌ویدا هه‌یه، تا ده‌گاته حكومه‌تیش و تایبه‌تمه‌ندن به یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌و تاوانه‌كان (ماده‌ی پێنجه‌م له یاسا‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره 23 ساڵی 2007) به‌و واتایه‌ی كه دادگاكان گه‌ره‌نتی و پاراستنی دادوه‌ری بۆ هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌ن كه داوای بكات له‌دژی هه‌ر كه‌سێكی سروشتی یاخود مه‌عنه‌وی گشتی یا خود تایبه‌ت له‌وانه حكومه‌تیش چونكه كه‌سێكی مه‌عنه‌وی گشتییه ده‌كرێت داوای له‌سه‌ر بكرێت له‌به‌رده‌م دادگاكانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به پێی یاسا‌و دادپه‌روه‌ری كێشه‌و ناكۆكیه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
5- بێ لایه‌نی دادوه‌ر(حياد القاضي):
كاتێك لایه‌نه‌كانی داوا كێشه‌و ناكۆكیه‌كانیان ده‌خه‌نه به‌رده‌م دادگاكانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌بێت به بێ لایه‌نی سه‌یری ئه‌م كێشه‌یه بكات و به پێی یاسا بڕیاری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كه ده‌ربكات به بێ بوونی هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك له ده‌ركردنی بڕیار‌و حوكمی دادگا، بۆ مه‌به‌ستی پاراستنی بێ لایه‌ن دادوه‌ر و ره‌چاوكردنی دادپه‌روه‌ری بڕٍیاری دادگا‌و مافه‌كانی لایه‌نه‌كانی داوا یاسای دادبینی داوا یاسای دادبینی شارستانی عێراقی ژماره (83) ساڵی 1969 سیسته‌می لاچوونی زۆره‌كی (تحنی وجوبی) و لاچوونی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی (تنحی جوازی) داهێناوه بۆ دادوه‌ر به مه‌به‌ستی سه‌یرنه‌كردنی هه‌ر داوایه‌ك له‌كاتی بوونی هۆیه‌كی ده‌ست نیشان كرا‌و له ماده‌كانی (91-94) له یاسای ئاماژه پێكراو.
ئایا لایه‌نی داوا، بۆی هه‌یه دادوه‌ر ره‌ت بكات یان سكاڵا له‌دژی تۆمار بكات؟
هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كانی داوا بۆیان هه‌یه داوای ره‌تكردنه‌وه‌ی دادوه‌ر بكه‌ن به پێی ماده‌ی (93)ی ئه‌م یاسایه یاخود سكاڵا له‌سه‌ر دادوه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه به پێی ماده‌ی (286)ی هه‌مان یاسا به مه‌به‌ستی پاراستنی بێ لایه‌نی دادوه‌ر له كاتی بینینی داواكانی به‌رده‌م ئه‌و دادگایه‌ی كه كاری دادوه‌ری تێدا ده‌كات.
6- ئاشكرایی دانیشتنه‌كانی دادگا(علانية جلسات المحاكم):
به شێوه‌یه‌كی گشتی دادبینی دانیشتنه‌كانی دادگا به ئاشكرا به‌ڕێوه ده‌چن و لایه‌نه‌كانی داوا هاوڵاتی و راگه‌یاندن بۆیان هه‌یه له دانیشتنه‌كان ئاماده بن، ته‌نها له هه‌ندێك حاڵه‌تی ده‌گمه‌ن دانیشتنی نهێنی به‌ڕێوه ده‌چێت به پێی بڕیاری دادگا بۆ ره‌چاوكردنی ره‌وشت و نیزامی گشتی یان بۆ رێزگرتن له خێزان به مه‌رجێك بڕیاری حوكمدان له دانیشتنێكی ئاشكرادا بێت به پێی ماده‌ی (7) له یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره (23 ساڵی 2007) و ماده‌ی (61/بڕگه1) له یاسای دادبینی شارستانی عێراقی ژماره (83) ساڵی 1969.
7- دووپله‌ی دادگه‌ری(التقاضي على درجتين) و مافی تانه‌گرتن له بڕیار و حوكمه‌كانی دادگا (حق الطعن في قرارات و احكام المحاكم):
یه‌كێك له گه‌ره‌نتییه سه‌ره‌كیه‌كانی دادپه‌روه‌ری حوكمی دادگاكان بریتیه له دووپله‌ی دادگه‌ری كه یاسای دادبینی شارستانی ژماره (183 ساڵی 1969) وه‌كو رێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دووباره بینینی داوای شارستانی به‌رده‌م دادگای به‌رایی دایهێناوه بۆ چاككردنی هه‌ڵه‌كانی دادوه‌رانی پله‌ی یه‌كه‌می دادگاكان و پێشكه‌ش كردنی به‌ڵگه‌و به‌رگری (دفع) نوێ له رێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی داوای تێهه‌ڵچوونه‌وه له‌به‌رده‌م دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی ده‌رچوونی حوكمی دادگای به‌رایی و ئه‌م جۆره داوایه تاكه رێگه‌ی دووپله‌ی دادگه‌رییه له پێش دادگا شارستانیه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌و پێیه‌ی كه دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه سه‌ر له‌نوێ دادبینی و دانیشتنی دادگا دووباره ده‌كاته‌وه تاكو بڕیاری كۆتایی ده‌رده‌كات یاخود به په‌سه‌ندكردنی حوكمی دادگایی به‌رایی یاخود هه‌مواركردنی و یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م حوكمه و ده‌ركردنی حوكمێكی نوێ كه ئه‌میش به هه‌مان شێوه شایه‌نی تانه گرتنه.
ئایا هاووڵاتی و داواكار ده‌توانن ناڕه‌زایه‌تی له حوكمی دادگا ده‌رببڕن؟
چونكه حوكمه‌كانی دادگا له مرۆڤ ده‌رده‌چێت و مرۆڤیش هه‌رچه‌نده دادپهروهرو زانا بێت به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ی كه ده‌ری ده‌كات شایه‌نی هه‌ڵه‌و ناڕاستیه كه ده‌بێته هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی له رێگه‌ی راستی و دادپه‌روه‌ری بۆیه یاسای دادبینی شارستانی چه‌ند ئامرازێكی یاسای داهێناوه بۆ دووباره سه‌یركردنی ئه‌و حوكمانه‌ی كه هه‌ڵه‌و نادروستی له خۆ ده‌گرێت به پێی ئه‌م ئامرازانه لایه‌نه‌كانی داوا-به تایبه‌تی لایه‌نی حوكم له‌سه‌ر دراو- ده‌توانن داوای دووباره سه‌یركردنی ئه‌م حوكمانه بكه‌نه‌وه كه ده‌رچووه له دژیان به مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و هه‌مواركردن و ئه‌م ئامرازه یاساییه‌ش پێی ده‌وترێت تانه‌گرتن (الگعهن) كه چه‌ند رێگه‌یه‌كی یاسایی تانه هه‌یه یاسای دادبینی شارستانی له ماده‌ی (168) ده‌ستنیشان كردوون ئه‌وانیش بریتین له:
1- ناڕازی له بڕیاری پاشمله (الاعتراض على الحكم الغيابي)
2- تێهه‌ڵچوونه‌وه (الاستئناف)
3- دووباره دادگاییكردنهوه (اعادة المحاكمة)
4- پێداچوونه‌وه (التمييز)
5- راستكردنی بڕیاری پێداچوونه‌وه (تصحيح القرار التمييزي)
6- ناڕه‌زایی كه‌سی دیكه (اعتراض الغير)
به پێی ماده‌ی (30) یاسای داواكاری گشتی ژماره (159/ساڵی 1979) رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی تانه گرتن له حوكمه‌كانی دادگا شارستانیه‌كان زیاد كراوه كه ناو ده‌بردرێت تانه گرتن له به‌رژه‌وه‌ندی یاسا (الطعن لمصلحة القانون).
7- هاریكاری دادوه‌ری (المعونة القضائية) و گواستنه‌وه‌ی داوا (نقل الدعوى)
ئایا دادگا به خۆڕاییه‌و هاووڵاتی هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ داوا ده‌دات؟
پره‌نسیپی یه‌كسانی له‌به‌رده‌م دادگا ئه‌نجامێكی گرنگ دێنێته كایه‌وه كه‌بریتیه له به‌خۆرایی دادگا به‌و واتایه‌ی كه نابێت لایه‌نه‌كانی داوا كرێی ماندووبونی دادوه‌ر ببه‌خشن به‌ڵكو ده‌وڵه‌ت ئه‌م ئه‌ركه ده‌گرێته ئه‌ستۆ له‌رێگه‌ی به‌خشینی موچه‌ی دادوه‌ران و كارمه‌ندانی دادگا له خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌خۆرایی دادگا ئه‌و واتایه ناگه‌یه‌نێت كه لایه‌نه‌كانی داوا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك نه‌به‌خشن له كاتی سه‌ردانیكردنی دادگاكان، به‌ڵكو لایه‌نی داواكار پابه‌نده به به‌خشینی برێك پاره له‌كاتی تۆماركردنی داوا شارستانیه‌كان یاخود تانه گرتن له حوكمی دادگاكان كه‌ناو ده‌بردرێت به میراندنی داوا (رسوم الدعوى) و ئه‌م بڕه پاره‌یه وه‌رده‌گیرێت بۆ مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی داوای بێ بنه‌ما (الدعوى الكیدیه).
هه‌روه‌ها په‌یوه‌ست بوونی داواكار بۆ به‌دواداچوونی داواكه‌ی له‌به‌رده‌م دادگا‌و بۆ مه‌به‌ستی پاراستنی یه‌كسان بوونی هاووڵاتیانی كه‌م ده‌رامه‌ت و هه‌ژار له‌گه‌ڵ كه‌سانی به‌توانا له‌ڕووی داراییه‌وه، یاسا رێگه‌چاره‌ی هاریكاری دادوه‌ری دابین كردووه به‌و پێیه‌ی هاووڵاتی هه‌ژارو كه‌م ده‌رامه‌ت بتوانن داوا له‌به‌رده‌م دادگاكان تۆمار بكه‌ن و كه‌م ده‌رامه‌تیان نه‌بێته هۆكاری تۆمارنه‌كردنی داوا ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی هاریكاری كردنی دادگا بۆیان به به‌خشینیان له میرانه‌ی داوا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی، كاتێك داوای ئه‌م جۆره هاریكارییه له دادگا ده‌كرێت و هه‌روه‌ها یاسای دادبینی شارستانی رێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی داوا له دادگایه‌ك بۆ دادگایه‌كی دیكه داوه به بڕیاری دادگای پێداچوونه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌توانرا دادگا پێك بهێنرێت له‌به‌ر هۆكاری یاسایی یاخود بینینی داوا ببێته هۆكاری تێكچوونی ئاسایشی یاخود هه‌ر هۆكارێكی دیكه كه دادگای پێداچوونه‌وه به گونجاوی بزانێت به پێی ماده (97) له یاسای دادبینی شارستانی ژماره (83) ساڵی 1969.
ته‌وه‌ری دووه‌م/ مافه‌كانی تۆمه‌تبار له داوای سزایی
له داوای سزاییدا، تۆمه‌تبار و لایه‌نه‌كانی داوا چ مافێكیان هه‌یه؟
به شێوه‌ی گشتی ئه‌و مافه سه‌ره‌كیانه‌ی كه باس كران له داوای شارستانی سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و بێ لایه‌نی دادوه‌رو مافی یه‌كسان بوون له‌به‌رده‌م یاسا‌و دادگا...هتد، بۆ لایه‌نه‌كانی داوای سزایی- به هه‌مان شێوه‌ی داوای شارستانی- دابین كراوه‌و دادگا په‌یوه‌سته به په‌یڕه‌و كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و مافانه بۆ گشت لایه‌نه‌كان، و له هه‌مان كاتدا به‌و پێیه‌ی كه تۆمه‌تبار لایه‌نی گرنگ و سه‌ره‌كی داوای سزاییه، بۆیه یاساكان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و په‌ڕی گهرهنتیهكانی دابین كردنی دادگایی كردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی بۆ په‌یڕه‌و بكه‌ن، به پێی ده‌قه ده‌ستوری و به‌ڵێننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان چه‌ند مافێكی ده‌ستوری و یاسایی بۆ تۆمه‌تبار به‌رجه‌سته‌كراوه كه بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
1- پره‌نسیپی (بنه‌مای) یاسابوونی تاوان و سزا(مبدا قانونية الجريمةو العقاب)
به پێی ئه‌م بنه‌مایه هیچ ره‌فتارێك به تاوان هه‌ژمار ناكرێت و هیچ سزایه‌ك به‌سه‌ری ناسه‌پێنرێت ته‌نها به بوونی ده‌قێكی یاسایی كه دان به تاوانی ئه‌م ره‌فتاره بنێت و سزایه‌كه‌شی بۆ دابنێت به‌ر له ئه‌نجامدانی ئه‌م ره‌فتاره و ئه‌م بنه‌مایه له زۆربه‌ی ده‌ستور و یاسا سزاییه‌كان باس كراوه‌و به شه‌رعیه‌تی تاوان و سزاش ناسراوه كه به بنه‌مای نه‌بوونی سزا‌و تاوان به بێ ده‌ق (لاجریمه و لا عقوبه الا بنص) باسی ده‌كرێت و هه‌ر به گوێره‌ی ئه‌م بنه‌مایه سزا ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتاره ده‌سه‌پێنرێت كه یاسا به تاوانی داده‌نێت له‌كاتی ئه‌نجامدانی و ناكرێت سزایه‌كی توندتر بسه‌پێنرێت له‌سزای كارپێكراو له‌كاتی ئه‌نجامدانی تاوان به پێی ماده‌ی (19/دووه‌م) له ده‌ستوری عێراقی.
2- مافی به‌رگری كردنی تۆمه‌تبار مافێكی پیرۆز و پارێزراوه
له سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و دادگایی كردن به پێی ماده‌ی(19/سێیه‌م) له ده‌ستوری عێراقی و هه‌ر به‌و هۆیه‌وه تۆمه‌تبار سوێند نادرێت له‌سه‌ر راستی و دروستی گوفتاره‌كه‌ی و زۆریی لێناكرێت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری ئاراسته‌كراوی به‌ڵكو مافی بێده‌نگ بوونی هه‌یه له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر پرسیارێك كه ده‌سه‌ڵاتی لێكۆڵینه‌وه ئاراسته‌ی ده‌كات به پێی ماده‌ی (126) له یاسای بنه‌مای دادگای سزای.
3- مافی بێ تاوانی تۆمه‌تبار تاكو سه‌لماندنی تاوانه‌كه‌ی له رێگای دادگایی كردنێكی یاسایی دادپه‌روه‌رانه (المتهم بريء حتى تثبت ادانته في محاكمة قانونية عادلة)و نابێت تۆمه‌تبار له‌سه‌ر هه‌مان تاوان دووباره دادگایی بكرێته‌وه ئه‌گه‌ر بڕیاری كۆتایی به تاوانباركردنی یاخود بێ تاوانی بۆ ده‌ركرابوو و پله‌ی بنبڕی (الدرجة القطعية) وه‌رگرتبوو پاڵپشت به ماده‌ی (300) له یاسای بنه‌مای دادگای سزای.
4- په‌یڕه‌و نه‌كردنی یاسای سزای بهسهررابردوو ته‌نها ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی تۆمه‌تباردا بێت(لايسري القانون الجنائي باثر رجعي الا اذا كان اصلح للمتهم).
له‌كاتی ده‌ركردنی هه‌ر یاسایه‌كی سزای ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتارانه جێبه‌جێ ده‌بێت كه پاش ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه روویانداوه‌و به پێی ده‌قی ئه‌م یاسایه سزا ده‌درێن، ته‌نها ئه‌گه‌ر یاساكه له به‌رژه‌وه‌ندی تۆمه‌تبار بێت ئه‌وا له‌سه‌ر ره‌فتاری رابردووش جێبه‌جێ ده‌كرێت به مه‌رجێك پێش ئه‌وه‌ی بڕیاری دادگا پله‌ی كۆتایی وه‌رگرتبێت، خۆ ئه‌گه‌ر یاسا تازه‌كه ئه‌و ره‌فتاره‌ی كه تۆمه‌تباری له‌سه‌ر حوكم دراوه سزای له‌سه‌ر لاببات یاخود سزاكه سووكتر بكات ئه‌وا هه‌رچه‌نده بڕیاری دادگا پله‌ی كۆتایشی وه‌رگرتبێت، یاسای تازه كه له به‌رژه‌وه‌ندی تۆمهتباردایه په‌یڕه‌و ده‌كرێت له‌سه‌ر داواكاری حوكمدراو یاخود داواكاری گشتی پاڵپشت به ماده‌ی (2)له یاسای سزای عێراقی ژماره (111) ساڵی 1969.
5- سزا ته‌نها به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه ده‌سه‌پێنرێت كه به بڕیاری دادگا تاوانبار كرابێت به بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاریگه‌ری به‌سه‌ر كه‌سانی دیكه هه‌بێت ( مبدأ شخصیه العقوبه) هه‌رچه‌نده له تاوانبار نزیك بن و په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و هاوڕێیه‌تی یاخود دۆستایه‌تیان له‌گه‌ڵی به‌هێز بێت ئه‌گه‌ر هاوبه‌ش نه‌بن له تاوانه‌كه، (ماده‌ی 19/هه‌شته‌م) ده‌ستوری عێراق.
6- ده‌ستگیرنه‌كردنی هیچ كه‌سێك ته‌نها به بڕیاری دادوه‌ر نه‌بێت و له ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێر لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و بڕیاری گرتنیشی ته‌نها دادوه‌ر ده‌ری ده‌كات و له شوێنێكی گونجاو جێبه‌جێ ده‌كرێت له‌رووی چاودێری ته‌ندروستی و كۆمه‌لایه‌تی كه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بێت(ماده‌ی 19/بڕگه12) له ده‌ستوری عێراق ساڵی 2005.
7- دادگا پارێزه‌ر بۆ به‌رگری كردن له تۆمه‌تبار دابین ده‌كات له تاوان و كه‌تن له‌كاتی نه‌بوونی پارێزه‌ری به‌رگریكار بۆی له سه‌ر خه‌رجی ده‌وڵه‌ت به پێی ماده‌ی (19/بڕگه11) له ده‌ستوری عێراقی ساڵی 2005 و ماده‌ی 144 له یاسای بنه‌مای دادگای سزای هه‌مواركراو به پێی یاسای ژماره (22) ساڵی 2003 كه له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ركراوه.
8- پشكنینی هیچ كه‌سێك ناكرێت و چونه ژووره‌وه‌و پشكنینی ماڵ و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی یاخود هه‌ر شوێنێك له ئه‌ستۆی بێت ناكرێت، ته‌نها به بڕیارێكی دادوه‌ری نه‌بێت به پێی ماده‌ی (17/دووه‌م) له ده‌ستوری عێراق و ماده‌ی (72) یاسای بنه‌مای دادگای سزای.
9- رێگه نادرێت به به‌كار هێنانی هه‌ر شێوازێكی ئه‌شكه‌نجه‌دانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و مامه‌ڵه‌كردنی نامرۆڤانه له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبار، و گوێ نادرێت به هیچ دانپێدانانێك كه وه‌رگیرابێ به زۆر‌و هه‌ڕه‌شه و ئه‌شكه‌نجه‌دان و زیان لێكراو بۆی هه‌یه داوای قه‌ره‌بووی زیانی مادی و مه‌عنه‌وی بكات كه به‌ری كه‌وتوه به پێی یاسا و پاڵپشت به ماده‌ی (27/ج) له ده‌ستوری عێراق ساڵی 2005، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌شكه‌نجه‌دان (التعژیب) تاوانه به پێی ماده‌ی (333) یاسای سزای عێراقی ژماره (111) ساڵی 1969و رێكاری یاسایی له‌دژی ئه‌نجامده‌ری ئه‌م تاوانه وه‌رده‌گیرێت له‌كاتی به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵا له لایه‌ن خودی تاوان لێكراو یاخود داوكاری گشتی و بۆ پاراستنی كه‌رامه‌تی تۆمه‌تبار و مامه‌ڵه‌كردنی مرۆڤانه‌ی یاسا رێگه‌ی نه‌داوه به ئاماده‌كردنی تۆمه‌تبار له كاتی دادگایی كردنی به شێوازی به‌ستنه‌وه‌و كۆتكردن و كهلهبچهكردن به‌ڵكو ده‌بێت تۆمه‌تبار به بێ ره‌چاوكردنی ئه‌م شێوازانه له دادگاكان ئاماده بكرێت و پێویسته دادگا رێكاری پێویست بگرێته به‌ر بۆ پاراستنی ئاسایشی هۆڵی دادگا به پێ ماده‌ی (156) له یاسای بنه‌مای دادگای سزای عێراقی ژماره (23) ساڵی 1971.
10- بوونی بواری یاسایی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی تۆمه‌تبار له رێگای ده‌سته‌به‌ری كه‌سیی (كفاله شخصیه) یاخود دارایی (كفاله مالیه) له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌و دادگایی كردن ته‌نها له‌و تاوانانه نه‌بێت كه سزاكه‌ی له سێداره‌دانه(اعدام) كه له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت تۆمه‌تبار بگیرێت (توقیف) تاكو بڕیاری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ده‌رده‌كرێت به پێی ماده‌ی (109/ج) له یاسای بنه‌مای دادگای سزای عێراقی.
11- مافی تانه‌گرتنی تۆمه‌تبار و بریكاره‌كه‌ی له بڕیار‌و حوكمه‌كانی دادگا سزاییه‌كان به پێی رێگا یاساییه‌كانی تانه‌گرتن كه یاسای بنه‌مای دادگای سزای ژماره (23) ساڵی 1971 ده‌ستنیشانی كردوون و بریتین له:
(ناڕه‌زایی له بڕیاری پاشمله، پێداچوونه‌وه، راستكردنه‌وه‌ی بڕیاری پێداچوونه‌وه، دووباره دادگایی كردنه‌وه) سه‌ره‌ڕای په‌یڕه‌و كردنی پێداچوونه‌وه‌ی به‌زۆری(تمییزوجوبی) له‌و حوكمانه‌ی كه به له سێداره‌دان یاخود به‌ندكردنی هه‌تاهه‌تایی ده‌رده‌چن كه دادگای تاوان راسته‌وخۆ دۆسیه‌ی داوا ره‌وانه‌ی دادگای پێداچوونه‌وه ده‌كات بۆ وردبینی كردنی بڕیاری دادگا به پێی ماده‌ی (254) له یاسای بنه‌مای دادگای سزای.
12- ئاماده‌بوونی تۆمه‌تبار و بریكاره‌كه‌ی له سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و دادگایی كردن و گفتوگۆكردنی به‌ڵگه‌و شاهید و به‌ڵگه‌نامه و رێكاره‌كانی دادگا‌و پێشكه‌شكردنی سه‌رنج و تێبینیان بۆ پاراستنی مافی به‌رگری كردن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌ڵگه‌و شاهیدی به‌رگری تۆمه‌تباری له هه‌موو قۆناغه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و دادگایی كردن جێگه‌ی قبوڵ كردنی دادگایه‌و ده‌بێت بڕیاری پێویست له باره‌یاندا ده‌ربكرێت.
له‌كۆتاییدا روون كردنه‌وه‌و باس كردنی سه‌رجه‌م مافه‌كانی لایه‌نه‌كانی داوای شارستانی و سزای بێگومان پێویستی به توێژینه‌وه‌و باسكردنی زیاتر هه‌یه.
له‌م بابه‌ته‌ی كه پێشكه‌شمان كردووه به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای گرنگی و بایه‌خی ئێمه‌یه كه به پێویستی ده‌زانین كه هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان ئاشنا بكه‌ین به‌و مافانه‌ی كه هه‌یانه به‌رامبه‌ر به دادگاكان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ئه‌م دادگایانه پابه‌ندن به دابین كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و مافانه بۆ هاوولاتیان و ته‌نانه‌ت دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان له كاتی دادگایی كردنیان له هه‌ر داوایه‌كی شارستانی یاخود سزای به پێی ده‌ستور و یاسا كارپێكراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان به پشت به‌ستن به به‌ڵێننامه‌و رێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و هیوادارین ببێته مایه‌ی رۆشنایی هاووڵاتیان به‌رامبه‌ر مافه‌كانیان و سوود وه‌رگرتنیان له‌م مافانه له كاتی سه‌ردانی كردنی دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان.