لە بەردەوامی بەسەرکردنەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان، رۆژی 2022/10/5 بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سەردانی دادگاکانی بەرایی دوکان و پیرەمەگرون و چەمچەماڵی کرد.
سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری دوای پێشوازیکردنی لەلایەن دادوەران و ستافی کارگێڕی دادگاکان، لە دانیشتنیدا لەگەڵیان، تیشکی خستە سەر ئەرک و بەرپرسیارێتی دادگاکان کە سەرەکیترینیان جێبەجێکردنی یاسا و گەرەنتی کردنی مافی هاووڵاتیانە. بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن، تەئکیدی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو بەسەرکردنانە، دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاسا و کارکردن لەچوارچێوە یاساییەکانە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بەدیهێنانی ماف و داخوازییانە بەتایبەت ئەو هاووڵاتیانەی کە مافخوراون و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان سەردانی دادگا دەکەن.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری سەردانی بەشە جیاجیاکانی دادگاکانی کردو لە نزیکەوە گوێی لە داواکاری و کەموکۆڕییەکانیان گرت. سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری دڵنیایی داوە تیمی دادوەرو کارمەندانی ئیداری دادگاکان کە ئامانجێکی دیکەی سەردانەکانی، بەدواداچوونە بۆ کەموکۆڕیی و پێداویستیەکانی ئەو دادگایانە چ لەڕووی مرۆیی وەک کەمیی ژمارەی دادوەرو لێکۆڵەرەوەی دادوەری و فەرمانبەری پێویست یان لەڕووی بوونی باڵەخانەی گونجاوو کەلوپەلی پێویستی رۆژانەیان.
بەڕێز عبدالجبار،عزیز حسن دوای ئاگاداربوون لە پێداویستی و کەموکۆڕییەکان، بەڵێنی دا بە پێی تواناو ئیمکانیات، داواکاریی و پێداویستیەکانیان دابین بکرێن.