لە سێیەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ دادگاکانی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ 4/7/2024 بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی بەڕێز دادوەر بەهزاد فەتحی عەلی سەرۆکی دادگای تێهەلچوونەوەی دهۆک و شاندێکی ئەنجومەنی دادوەریی سەردانی دادگاکانی بەرایی زاخۆ و باتیفای کرد.
لەو سەردانەشدا دوای ئەوەی لەلایەن دادوەر و ستافی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی دادگاکانی ناوبراو پێشوازی کران، ئامانجی
سەردانەکەی خستەڕوو کە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی بەڕێوەچوونی کاروباری دادگاکان بەتایبەت ڕێڕەوی قۆناغهكانی داواو مامهڵهی هاووڵاتیان له دادگاكان تا دهگهنه قۆناغی بڕیار و وهرگرتنهوهی ماف و داخوازییهكانیان. دادوەر عبدالجبار عزیز حسن دووپاتی کردەوە کە گرنگ، چەسپاندنی یاسا و بەرقەرارکردنی دادپەروەرییە، بۆیە دەبێت دادگاو دادوەر دوور لەهەر فشار و دەستێوەردانێک سەربەخۆیی خۆیان و دادگاکە بپارێزن بۆ ئەوەی جێی متمانەی هاووڵاتیان بن، بەمەش ئامانجە گەورەکە بەدی دێت کە بەدیهێنانی دادپەروەرییە.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی کردەوە بۆ ئاگاداربوون لە کێشەو کەموکۆڕییەکانیان. لەو گفتوگۆیانەدا دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی باسیان لە ژمارەیەک کێشەو گرفتی رۆژانەی دادگاکان کرد کە گرنگترینیان کەمیی ژمارەی دادوهر و داواكاریی گشتی و فەرمانبەری پسپۆڕ بەتایبەت لێکۆڵەرەوەی دادوەریی و میلاکی فەرمانبەری بەشە جیاجیاکان و نەبوونی باڵەخانەو شوێنی گونجاو و کەلوپەلی پێویست بوو. سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و شاندی هاوڕێی بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە کێشەو گرفتەکان، سەردانی ژوور ویەکە جیاجیاکانی ئەو دادگایانەی کرد. لە نزیکەوە گوێی لە داواکاری و کێشەو گرفتی فەرمانبەران گرت. سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی دووپاتی کردەوە کە سەردانەکەیان بۆ گوێگرتن و بەدواداچوونی کێشەو کەموکۆڕییەکانە، پێشتریش هەوڵی جیدی دراوە بۆ چارەسەرکردنیان و لەداهاتووشدا بەهەمو توانا بەردەوام دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، رەنگە پێویستی بە کاتی هەبێت بەڵام قۆناغ بە قۆناغ ئەو کێشانە چارەسەر دەبن.
دوای تەواوبوونی سەردانەکەی بۆ دادگاکانی زاخۆ و باتیفا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و شاندی یاوەری کۆتاییان بە سەردانەکەیان بۆ دادگاکانی پارێزگای دهۆک هێنا کە سێ رۆژی خایاندو گەڕانەوە هەولێری پایتەخت